یه‌كه‌م زه‌نگی تێكچوونی په‌یوه‌ندیی قوڵ و تولانی نێوان پارتی و ئێرانییه‌كان ( له زه‌مانى شاوه تا خومه‌ینی)، ڕۆژی 28ی جولای 1995 لێیدا، کاتێک قافڵه‌ی هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر حیزبی دیموكرات له کۆیه دەیانویست به ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی بگەڕێنەوە سەردەشت به‌ڵام پارتی بە هێزێکی گه‌وره‌وه ڕێگریی لێکردن، تەنانەت چەند فەرماندەیەکی پاسدارانی بۆ چەند کاتژمێرێک دەستگیر کرد.
ئه‌م ڕوداووە بووه سەرەتایی ڕووخاندنی پردی په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كه‌ی پارتی و ئێران، به پێچه‌وانه‌شه‌وه بووه به‌ردی بناغه په‌یوه‌ندیه‌كی نوێ و بادانه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان به‌لای یه‌كێتی و خوالێخۆشبو مام جەلالدا ، واته ئیران دیزاینی ستراتیژیی و جیۆپۆلەتیکی خۆی بەرامبەر باشوری کوردستاندا بە شێوازێکی تازه گۆڕی.
به درێژه‌كێشانی شه‌ڕی ناوخۆش تا ڕێكه‌وتننامه‌ی واشنتۆن (ئه‌یلولى 1998)، ته‌نانه‌ت تا ڕووخاندنی سه‌دامیش (2003) و دانیشتنی شیعه‌كان له‌سه‌ر عه‌رشی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا، درز گه‌وره‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و ئێران وه‌ك خۆی مایه‌وه و بە تەواوی ساڕ‌ێژ نەبوو، كه‌م كه‌میش پارتی به نزیكبوونه‌وه له توركیا هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی ئیقلیمی بۆخۆی دۆزیه‌وه و ئه‌و منه‌ته‌ی جارانی به ئێرانییه‌كان نه‌ما.
واته په‌یوه‌ندییه‌كه هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ پێش ڕووداوه‌كه‌ی 28ی جولاى، كه ئێران به چه‌ك و عه‌سكه‌ری یارمه‌تی پارتی ده‌دا له شه‌ڕه‌كه‌یدا دژی یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیشی كردبووه هاوپه‌یمانی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی.
ده‌ركه‌وتنی داعش لە ساڵی (2014) و له پڕا قوتبوونهوهیان له بناگوێی هەولێر (ته‌نها 60 كیلۆمه‌تر دووربوون) و ده‌ستبه‌جێ بە دەمەوە چوونی ئیران، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تواندنه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و كردنه‌وه‌ی فایلێكی نوێ بوو، له‌م ماوه‌یه‌دا شه‌وقی په‌یوه‌ندی نێوان دوو هاوپه‌یمانه كۆنه‌كه كه‌م كه‌م ده‌دره‌وشایه‌وه، تەنانەت مەسعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان، بە شێوەیەکی فه‌رمی سوپاسی سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی ئیرانى کرد، چەندین جاریش لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بە فریاكه‌وتنی ئێرانییه‌كان كرد له‌و شه‌وه‌ی داعش ده‌یویست به‌ره‌و هه‌ولێر بەڕێ بکەوێت.
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر (2017)، ئه‌و پردی په‌یوه‌ندیانه‌ی دا به ئاودا كه پاش داعش هه‌ڵبه‌سترابوون، واته مانگی هەنگوینی نێوان ئیران و پارتی پێش واده‌ی خۆی کۆتایی پێهات، ئیدی دوای ئه‌مه هه‌ر نزیكبوونه‌وه و په‌یوه‌ندیه‌كیش هه‌بووبێت زیاتر بە ناچاری و زۆرەملێ و زه‌بری واقیعی موعاده‌له‌ی سیاسی كوردستان و عێراق بوو نەک بڕوابوون به هه‌ماهه‌نگی و دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی.
دوای ئه‌و هه‌موو ساڵ و ڕووداوانه، پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات بە ئەندازەی ئیستا ئاڵۆز و پڕكێشە نەبووە، خراپترین مەودای مێژووی پەیوەندیی ئەو دوو لایەنەیە لە 50 ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت ئەوکاتەش کە بارزانی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا داوای چوونه دەرەوەی وەڤدێکی گەورەی ئیران کردبوو لە شاری هەولێر ، بە پاساوی ئەوەی هەڕەشەیان لە سەرۆک حیزبێکی بەشدار لە ڕیفراندۆم کردووه، هێشتا هێنده‌ی ئێستا پەیوەندییەکەیان ئاڵۆز و دژوار نه‌بووه.
کێشەی بنه‌ڕه‌تی پەیوه‌ندیی تاران و سەری ڕەش ئەوەیە، کە ئێران ناتوانێت یان نایەوێت تێبگات کە پارتی ئیدی پارتیه‌كه‌ی ساڵانی هه‌شتاكان نییه و ناتوانێت له خولگه‌ی فه‌له‌كی ( تورکیا ، وڵاتانی عەرەبی سونه و ئەمریکا و ئه‌وروپا) بچێته ده‌ره‌وه، یان ڕاستتر پارتی ناتوانێ ببێته یه‌كێتی بۆ ئێران، له به‌رامبه‌ریشدا پارتی سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە ئیرانیەکان تێبگەیەنێت کە ئەو ناتوانێت وەک یەکێتی بێت بۆ ئه‌وان.
هەولێر ئەو تۆزه پەیوەندیەشی کە ئیستا لەگەڵ ئیران ماویه‌تی نەک بە خواستی پارتی بەڵکو به جەبری ئەو سنورە دورودرێژەیە کە لەگەڵی هەیەتی و ئەو مێژووە کۆنەیهیه کە لەگەڵ کاربەدەستانی ئیستای ئێران هەیبووە ئەگینا ڕوونه کە پارتی ناخۆشحاڵە بەو پەیوەندیە و هەروەها کڵۆڵ و لاواه بەرامبەر هاوسەنگ ڕاگرتنی پەیوەندیەکانی.
پارتی دەبێت چی بکات؟
كێشه‌ى پارتی و سەرکردایەتی ئەو حیزبە ئەوەیە، کە هێشتا بە عەقڵیەتی قیاده موه‌قه‌ته و 35 ساڵ پێش ئیستا سیاسەت لەگەڵ ئیران دەکات، پێیانوایه کە بە موجامەلە و قسەی ئیعلامی هەرێم نابێتە هەڕەشه بۆ سەر دراوسێکانی) دەتوانن قەناعەت بە ئێرانن بكات، له‌كاتێكدا ئێرانییه‌كان عه‌كسه‌كه‌ی دەبینن و پێیانوایه کردەوەکانی پارتی بە تەواوەتی دژی قسه‌كانیه‌تی.
پارتی ناتوانی بانگه‌شه‌ی دۆستایەتی لەگەڵ ئیران‌دا بسه‌لمێنێ، لە کاتێکدا لە 20 ساڵی ڕابردوودا هەر دیوارێكی سیاسی نه‌یار بە ئیران لە عێراقدا هه‌ڵچنرابێت پارتی به‌شێكی گەورەی ئەو دیوارە بووه، واته بووه‌ته کەواسوری بەر لەشکر و سەرە ڕمی دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی ئە وڵاتە، کە سەرەنجامی هەمووشیان به شکست و گەڕانەوە بۆ خواستی ئیران کۆتایی هاتووە وەک کۆتا ئەنجام کە بە سەر هاوپەیمانی سێ جەمسەری بارزانی ، حەلبوسی و سەدر دا هات.
پارتی ناتوانێ داوای حه‌سانه و ئەمان لە ئێران بکات لە کاتێکدا لە هەولێر بە ئاشكرا کۆنفرانسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی عێراق-ئیسرائیل میوانداریی دەکرێت، نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت، بەردەوام لە ڕێگەی لەشکرێک ناو فه‌یسبووك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێرش دەکەیتە سەر تاران و تەنانەت ڕەمزە ئاینیەکانیشیان.
پارتی ناتوانێت داوای وەستاندنی هێرشی درۆنی ڕەیان کلدانی و ئەبو عەلی عەسکەری بۆ سەر هەولێر بکات لە کاتێکدا داڵدەی نەیارانی ئیران دەدات و ڕێگە دەدات هەولێر بکەنە سەکۆیەک بۆ هێرش و ناوزڕاندنی مێدیایی.
پارتی پێویستی بە هەڵوەستەی جدی و قوڵ هەیە و دەبێت جارێکی‌تر ستراتیژی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئیران داڕێژێتەوە و بە پلانی قوڵ و ورد ، هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندیەکانی چونکە ئەگەر وانەکات بە دڵنیایەوە هێرشەکانی ئیران بۆ سەر پارتی هەر وەک چۆن قۆناغی هاوەن و کاتیۆشای تێپەڕاند و چووە قۆناغی درۆن، دوایش لە قۆناغی درۆنەوە پێی نایە قۆناغی موشەکی بالستیک ، له‌مه‌شدا ناوه‌ستێ و ئیران دەست بۆ بژاردەی قورس‌تر دەبات چونكه ئێران نزیکەی ساڵێکه بە تەواوی لە پارتی نائومێدبووه و دەستی بۆ هەندێك دۆسیەی گه‌وره‌ش بردووە کە چارەنووسی پارتی دەخاتە بەردەم مەترسی جدیەوە.
پارتی نەیتوانیوە ئەو پەیوەندیە باشەی کە لەگەڵ ڕۆژئاوا (ئه‌مریكا و ئه‌وروپا)، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی هەیەتی بکاتە دەرفەتێکی به‌هێز بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ ئێران، وەکو ئەوەی کە سەڵتەنەی عوممان و قەتەر کردویانه، به عه‌كسه‌وه ئەو پەیوەندیەیانهی کردوە بە خاڵى لاوازی به‌سه‌ر خۆیه‌وه كاتێك هه‌وڵده‌دات وه‌ك كارتی فشار به‌رامبه‌ر خودى ئێران و هێزه عێراقیه پرۆئێرانیهكانی عێراق و ته‌نانه‌ت كوردستاتیش به‌كاریبهێنی، بۆیه ئێرانییه‌كان وایده‌بین كه پارتی فێڵ و نیفاقی سیاسیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ڕه‌نگه په‌تی ته‌حه‌مولیان له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا ببچڕێت یا خود دروست تر بڵێم پچڕابێت.
هەرچەندە هیچ کام لەم هەڵانەی پارتی بە هیچ جۆرێک نابنه پاساوی هێرشی مووشەکی و شەهید کردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئەم جۆرە کارانە لە لایەن هەر وڵاتێکەوە بکرێت به هەموو شێوەیەک مەحکومه.