عێراق لە نێوان غازی کۆرمۆر و غازی ئێراندا

كۆرمۆر.. دەتوانێ ببێتە جێگرەوەی غازی ئێران؟

دڵشاد مه‌جید 2025.12.01 11:57 PM
1696 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد مه‌جید

نوسه‌ر

کۆرمور.. دەتوانێ ببێتە جێگرەوەی غازی ئێران؟
🔶 ڕۆژانە عێراق ٥٠ ملیۆن مەتر سێ جا غاز لە ئێران هاوردە دەکات، بەڵام دانا غاز ڕۆژانە ٢١ ملیۆن مەتر سێ جا غاز بەرهەم دەهێنێ!!!
🔶 ٣ ڕۆژ پش لێدانی کۆرمۆر غازی ئێران ڕاگیرابوو، بەڵام ئه‌م هه‌فته‌یه‌  دەست بەهەناردەی دەکرێتەوە!!
زۆربەی ئەو بۆچوون و تەبلیغاتانەی، لایەن نوخبەی کوردایەتی تەسویق دەکرێ، گوایە ئێران دەستی لە بۆردمانی کۆرمۆر هەیە! بەڵگەو دەلیلیشیان ئەوەیە کە گوایە ئێران هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرتووە!!
لەڕاستیدا، خستەڕووی لەم جۆرە هەواڵ و زانیاریانە بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدانی  شاردنەوەی ئەو لایەنەیە  کە بۆردومانی (گێلگەی غازی کۆرمۆری ) کردووە!
بە گوێرەی ئاژانسی (ئیرینای ئێرانی) ڕۆژی هەینی (١١/٢٧) لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بلاوکراوەتەوە. ئەو ووتەبێژە ڕایگەیاند کە ئێران بۆ ماوەی (٧) ڕۆژ هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق ڕادەگرێت، ئەویش بە هۆکاری تەکنیکی و نوژەنکردنەوە و چاکسازیە لە بۆریەکانی گواستنەوەی غاز بۆ عێراق.

كۆرمۆر دوای بۆردومانكردنی به‌ درۆن

لە درێژەی قسەکانی دەڵێت؛ تا ئێستا (٣) ڕۆژ ڕۆیشتووە، (چوار ) ڕۆژی تر  واتە ڕۆژی (سێشەمە ١٢/٢) هەناردەی غاز لە ئێرانەوە دەستپێ دەکاتەوە، هەروەک لە وێنەی (١و٢) بە فارسی و عەرەبی ئاماژەی پێکراوە.
🔺هەموو ئەو بووچوونانە ئاماژە بەوە دەکەن، لە دوای بۆردمانەکەی کۆرمۆر، بۆ بەیانیەکەی هەواڵی  ڕاگرتنی  هەناردەی غاز  لە لایەن ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە هەموو گومانەکان دەچێتەوە سەر ئێران!!
🔺بەڵام ئەگەر بەجۆرێکی تر یا بەپێچەوانەی ئەم حکایەتە بیر بکەینەوە، بۆ نابێت ئەمە بە فرەسەت زانرابێت، پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاگرتنی غازی ئێران، بۆردمانەکە داڕێژرابێت، بۆئەوەی گومانەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بێ و بکەری سەرەکی تیا بزر بێت؟؟
🔷گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە نێوان عێراق و ئێران.
لە ٧/٢٨ ساڵی ٢٠٢٤، گربەستی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق، بۆ ماوەی (٥) ساڵ درێژکرایەوە تا ساڵی (٢٠٢٩). ئەم گرێبەتەش لە نێوان وەزیری کارەبای عێراق (زیاد علی فازڵ) و (مجید چنگی) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای غازی  نیشتمانی ئێران واژۆ کراوە. 
بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتنە ڕۆژانە ئێران (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا غاز، لە ڕێگای هەردوو بۆری گازی ( شاری نفت شهری ئێرانی - بەغدا) و (شەملاجە- بەسرا) دابین بکات. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی پێداویستی وەرزەکانی زستان و هاوین زیاد و کەم بکات. بە واتایەکی تر غازی ئێران تەنیا بۆ بەغدا و دەوروبەری و خوارووی عێراقە.
🔷 غازی کۆرمۆر…
بە گوێرەی دوا ئاماری دانا غاز لە پێگەی (خەلیجی) ئیماراتی لە ناوەراستی مانگی 10، بڵاوکراوەتەوە، کە کۆمپانیای دانا غاز، ڕێژەی بەرهەمهێنانی لە (٥٠٠) ملیۆن (پێ) سێجا بۆ (٧٥٠) ملیۆن (پێ) سێجا بەرز کردۆتەوە. بەم ڕێژەش ئەوکات  دەتوانێ (٨٠٪) کارەبا و پێداویستییەکانی هەرێمی كوردستان دابین بکات، هەروەک لە وێنەی (٣و٤) ئاماژەی پێکراوە.

ئێران ڕۆژانە ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز هەناردەی عێراق دەکات به‌ڵام تواناى بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دانا غاز  ٢١ ملیۆن مەتر سێجایە 

واتە هێشتا ناتوانێ (١٠٠٪) کارەبا و پێداویستیەکانی هەرێم دابین بکات، پرسیار ئەوەیە ئەگەر تائێستا نەتوانێ پێداویستی هەرێم  بە تەواوی دابین بکات، چۆن دەتوانێ جێ پێی غازی ئێرانی بگرێتەوە؟
🔷عێراق لە نێوان غازی کۆرمۆر و غازی ئێراندا؟
ئێران ڕۆژانە (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا غاز هەناردەی عێراق دەکات، کە بەشێک لە سێ بەشی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقی پێ دابین دەکرێ، واتە دوو بەشەکەی تری بە گازوایل و کەرەستەی تر بەرهەم دەهێنرێت، چونکە عێراق پێویستی بە ( ٣٥) هەزار میگاواتە. 
🔺دانا غاز، کۆی بەرهەمهێنانی (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا. ئێران (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا هەناردەی عێراق دەکات.
جیاوازی نێوان ( مەتر و پێ) زۆر گەورەیە، (هەر مەترێک سێجا  دەکاتە ٣٥،٥ پێ سێجایە). ئەگەر بەرهەمەکەی دانا غاز  بکەین بە پێوانەی مەتر چوارگۆشە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی غازی دانا غاز نزیکەی ( ٢١،٢٤) ملیۆن مەتر سێجایە دەکات!!
پێوانەی مەتری پێوانەیەکی ستاندەری جیهانیە، بەڵام پێوانەی (پێ) پێوانەیەکی ئیمبراتۆری/ ئەمریکییە.

كێڵگه‌یه‌كی غازی ئێران له‌ناو ده‌ریادا

🔺پرسیار ئەوەیە ئایا دانا غاز بە چەند ساڵی تر ڕێژەی بەرهەمهێنانەکەی دەگەیەنێتە ( ١٥٠ ) ملیۆن مەتر سێجا؟
چونکە عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا پێویستی بە (١٥٠) ملیۆن مەتر سێجا غاز هەیە لە ڕۆژێکدا.
🔺ئەمەش واز بێنە، ئایا دانا غاز پێویستی بە چەند ساڵی ترە تا بەرهەمەکەی بگەیەنێتە (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا؟ بۆئەوەی بتوانێ  هاوردەی غازی ئێرانی ڕابگرێت؟؟
🔺ئەمە جگە لەوەی (ملیۆن مەتر غاز) پێویستی بە بۆڕی گواستنەوە هەیە، ناکرێ  ئەم بڕە زۆرە بە ڕێگای بارهەڵگر بۆ  بەغدا و خواری عێراق بگوازرێتەوە. لێرە پرسیار ئەوەیە، دامەزراندنی ئەم ژێرخانە پێویستی بە چەند کات و ساڵ هەیە؟
🔴لە کۆتایدا دەمەوێ بڵێم ئەم نووسینە بە مەبەستی بەرگریکردن لە ئێران نییە،  هەروەها لە مەودای نزیک تا (٣بۆ ٥) ساڵی تر غازی کۆرمۆر ناتوانی ببێتە شوێن گرەوەی غازی ئێران. ئەوکاتەش بە گوێرەی ڕاگەیاندراو و بەرنامە و داتاکانی  حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٧) پێویستی بە هەناردەکردنی غاز نامێنێ. 
بۆیە  لەو گۆشەنیگایەوە، لەپەراوێزی ئەم ئامار و داتایانە   دەمەوێ ڕاستیەکان بە زمانی لۆژیک و مەنتق بخەمەڕوو ، بۆئەوەی بەرچاومان روون بێت و نەبینە مینبەرێک بۆ چەواشەکردنی خەڵک و پردێک بۆ ئەجێندای سیاسی و بازرگانی هێزە سیاسییەکان و بنەماڵە بازرگانە سیاسیەکان، وە هەروەها نەبینە سووتەمەنی ململانێی ناوخۆیی و ئیقلمی و نێو دەوڵەتیەکان.

 

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ