بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، دۆخ و ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل لە ئێستادا، لە کاتی چەند هەفتە و چەند مانگی پێش شەڕی دوانزە رۆژە و شەڕی ٤٠ ڕۆژە دەچێت. ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنی سەربازی و جەنگ لە ئیسرائیل، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەڵسەنگاندن و پێشنیارەکانی چەند دەزگایەک دەبەستێت: مۆساد و شاباک و ئامان (هەواڵگری سوپا) دەستەی ئەرکانی سوپا. ئەگەر ئەم دەزگانە هاوڕابن لەسەر ڕاگەیاندنی جەنگ، ئەوا سەرۆک وەزیران هەر کێ بێت، هەڵوێستی ئەمریکا هەر چییەک بێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئیسرائیل بڕیاری جەنگ دەدات. وا دیارە، ئەو دەزگانە لەم کاتەدا هاوڕان کە پێویستە گورزێکی تر لە ئێران بدرێت. هەندێک کات ئەو دەزگانە فشار دەکەن لە حکومەت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، لەو کاتانەدا بە نزیکایەتی حکومەت بە حەتمی بڕیاری شەڕ دەدات، بە پێی پێدراوەکان جارێ ئەو دەزگانە تەنیا پێشنیاریان کردووە و نەک فشاری توند.
ئیسرائیل پێیوایە جەنگی ئێران دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بێت، چونکە دەزانێت بە یەک گورز ناکەوێت یان تەواو لاواز نابێت. بۆیە سەرەتا لە میلیشیاکانی ئێران و پاشان سوریاوە دەستی پێکرد، پاشان دوو گورز لە ئێران.


ئەمەش لەبەر چەندین فاکتەری وەک ئامادەنەبوونی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی زەمینی و ناردنی سەرباز بۆ ئێران؛ نەبوونی دەرەفەت بۆ ئیسرائیل کە شەڕێکی زەمینی ئەنجامبدات بە هۆی دووری جوگرافییەوە؛ بەهێزی و تۆکمەیی ئێران لە ڕووی دەزگاییەوە؛ گەورەیی ڕووبەری ئێران؛ فشاری دەوڵەتانی ناوچەکە، کەنداو و پاکستان و تورکیا لە ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە جەنگێکی ماوە درێژ... بۆیە ستراتیژی ئیسرائیل ئەوەیە هەر چەند مانگ جارێک گورزێکی سەربازی توند لە ئێران بدات.
ئیسرائیل پێیباشە لەگەڵ ئەمریکا ئەم ستراتیژە جێبەجێ بکات، ناڕەزایەتییەکی زۆر هەیە لە ئەمریکا سەبارەت بەم ستراتیژە.
بۆیە لە ئەگەری ئەوەی ئەمریکا ئامادە نەبێت بۆ بەشداریکردن لە قۆناغی سێیەمی جەنگەکە، ئەوا ئیسرائیل بە تەنیا ئەنجامی دەدات. بە دڵنیایەوە بەشداریکردنی ئەمریکا لە رێگەی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، بنەمایەکەی نەگۆڕە.
دۆخی دانوستان و هەوڵوێستی ئێران سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، زیاتر خزمەت بە ستراتیژەکەی ئیسرائیل دەکات. چونکە ئەمریکاش ناچارە دووبارە گورزێکی تر لە ئێران بدات، ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانەی.
بەپێی پێدراوەکانی ئێستا، دۆخی ململانێکە بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە جەنگێکی سفری، واتە یان ئەمریکا یان ئێران دەبێت یەکێکیان سەرکەوتوو بن. لە جەنگێکی ناهاوسەنگ، سیناریۆی جەنگی سفری، واتە دەوڵەتی بەهێز تەواوی هێزی خۆی بەکاردەهێنێت، یان بۆ داگیرکردن و ڕووخانی رژێمی دەوڵەتی بەرانبەر، یان بۆ کاولکردنی بنەماکانی دەوڵەتەکە. دەوڵەتی بەرانبەریش قوربانی بە هەموو شتێکی خۆی دەدات لە پێناو مانەوە.
ئیسرائیل ئەم سیناریۆیەیی دەوێت، کە ئەمریکا بکەوێتە بەردەم دوو بژاردە، یان قبوڵکردنی شکستێکی ستراتیژی، یان ڕووخان و کاولکردنی ئێران.
وەک لە یەکەم ڕۆژی شەڕی ٤٠ ڕۆژە ئاماژەم پێکرد، لە ڕووی سەربازی و لۆجیستییەوە ئەمریکا بۆ ڕووخانی ڕژێم نەهاتبوو. لەوانەیە ویستی ئەوە هەبووبێت بە گورزێکی بە پەلە و ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ڕژێم بڕوخێنن. بەڵام لەسەر ئاستی سوپا ئەوە نەبوو.

گورزی سێیەم، ئیسرائیل بە تەنیا ئەنجامی بدات یان لەگەڵ ئەمریکا فراوانتر دەبێت و دەکرێت ژێرخانی وزە و کارەبا و ڕێگاوبان بگرێتەوە و بۆمب و ئامرازی بەهێزتر بەکاردێت.

ئەمە واتە جارێ لەسەر ئاستی سوپا پلانی ڕووخانی ڕژێم نییە. بەڵکو دەکرێت گورزێکی توندتر لەوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژە ئەنجامبدرێت. ئەگەر هەر سوودی نەبوو، ئەوا ئەگەر هەیە ستراتیژی ئەمریکا بگۆڕێت بۆ ڕووخانی ڕژێم یان کاولکردنی ژێرخانی ئێران. بۆ ڕووخانی ئێران لە ڕیگای سوپاوە پێویستە جەنگ ڕابگێنرێت، کاولکردنی ژێرخان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکرێت.
لە ئەگەر ڕوودانی جەنگێکی سفری، ئەوا ئیتر ئەمریکا بایەخ بەو زیانانە نادات کە بەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەون. دواجار ئەوەی زیانی بەردەکەوێت ژێرخان و هاووڵاتی ئەمریکا نییە، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەن، ئەمریکا ئێران کاول دەکات، ئێرانیش لە وەڵامدا هەوڵدەدات زیانی گەورە لە وڵاتانی ناوچەکە بدات. ئەمە رێگری لە ئەمریکا ناکات.
سێ ساڵە نەیارانی ئیسرائیل پشت بە فاکتەری ناوخۆی ئیسرائیل دەبەستن، وەک دادگایکردنی نەتانیاهۆ و لابردنی لە دەسەڵات. لە کاتێکدا پرسی بەرەی ئێران بۆ ئیسرائیل، پرسێکی ستراتیژی و دەوڵەتی و پرسی ئاسایشی نیشتیمانییە. هەر سەرۆک وەزیرانێک بێت، دەبێت بەردەوامی بدات بەو ململانێیە، دەکرێت گۆڕانکاری لە ئامرازەکان بکرێت، بەلام بنەماکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئیسرائیل دەزانێت دوای کۆتاییهێنان بە پرسی شەڕی غەززە و نەمانی ئەسەد و لاوازکردنی حیزبوڵا و داگیرکردنی بەشێک لە باشووری لوبنان، ئیتر فشار و زیانەکان کەمتر دەبن لە کاتی هێرشکردنە سەر ئێران. بۆیە، ئەمریکا ڕازی بێت یا نا، ئیسرائیل گورزی تر لە ئێران دەدات و ئەم دەرەفەتە لە دەست نادات.
گورزی سێیەم، ئیسرائیل بە تەنیا ئەنجامی بدات یان لەگەڵ ئەمریکا، لە ڕووی ئامانجەوە فراوانتر دەبێت، دەکرێت ژێرخانی وزە و کارەبا و ڕێگاوبان بگرێتەوە. کووشتنی سەرکردەکان فراوانتر دەبێت. بۆمب و ئامرازی بەهێزتر بەکاردێت. دەکرێت هەوڵبدرێت لەناوخۆ حیزب و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان چالاکی ئەنجامبدەن. بۆ ئەوەی لەسەر زەوی فشار هەبێت، جگە لە هێزی ئاسمانی کە جەنگ یەکلاناکاتەوە.