له‌ قه‌ڵای سوننه‌كانه‌وه‌ بۆ قه‌واره‌یه‌كی شیعه‌كان

كاتژمێری سفرى جورف سه‌خر.. نمایش یان چه‌خماخه‌یه‌ك له‌ خه‌رمانی شیعه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2026.11.17 12:54 AM
1251 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

جورف ئەلسەخر تەنها ناوچەیەکی پڕ لە دارخورمای سەوزی پشت گوێخراو و تەنکە تەپۆڵکەیەکی لمین نییە لە نێوان باشوری بەغدا و باکوری بابلدا، بەڵکو مەتەڵێکی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی و سندوقێکی جاڵجاڵۆکەیی پڕ لە نهێنییە کە لە قوڵایی ململانێی درێژخایەنەوە سەری هەڵداوە؛ 
ڕۆژانێک باخە خورماکانی ببوون بە قەڵای سوننە و بەعسییەکان و ژێری هەر دارخورمایەک کرا بوو بە دێوەزمەی مەرگی سەربازانی ئەمریکا، تەپۆڵکە لمینەکانیشی کرابوون بە گۆڕستانی تانک و زریپۆشەکانیان، هەمومان لە شاشەکانەوە سەدان دیمەنی تەقینەوە و تێکشکانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانمان بینی کە چۆن دەچوونە ئاسمانەوە، هەر بۆیەش هەر زوو لە سەردەمی پرۆسەی ڕزگاریدا لەلایەن ئەمریکاوە نازناوی "سێگۆشەی مەرگ" بەسەردا بڕا.
دواتر، بە هاتنی داعش و دروستبوونی حەشدی شەعبی، ئەو سێگۆشەی مەرگە پەرەی سەند بۆ قەوارەیەکی سەربازیی داخراو و بوو بە قەڵایەکی داخراوی میلیشیاکانی شوێنکەوتووی ئێران؛ شوێنێک کە تێیدا سنوری نێوان دەوڵەت و نادەوڵەت، و سەروەریی عێراق و هەژموونی سوپای پاسدارانی ئێران، بە تەواوی تێکەڵ بوون و کاڵ بوونەوە.
لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا، نزیکەی ١٤٠ هەزار دانیشتوی ڕەسەنی ئەم دەڤەرە بە درێژایی ١٢ ساڵی ڕەبەق قوربانیی پاکتاوێکی سیستماتیکی دیمۆگرافی بوون و لەژێر ناو و بیانوی جۆراوجۆر و بەسەرچوونی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانەوە مافی گەڕانەوەیان لێ سەندراوەتەوە و لە بێوەییەکی یاسایی و خەمساردیی تەواوی دەسەڵاتی بەغدادا دەتلێنەوە.

جورف سه‌خر.. قەڵای داخراوی میلیشیاکانی شوێنکەوتووی ئێران

 

بەڵگە بەدەست هاتووەکانیش لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانەوە دوپاتی دەکەنەوە کە ئەم پانتاییە بەرفراوانە لەلایەن گروپە ئایدیۆلۆژی و باڵە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا و سەیدولشوهەداوە گۆڕدراوە بۆ لانکەیەکی ستراتیژی، کارگەی پێشکەوتوی چەک و خاڵی دەستپێکی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کەنداو، و لە پاڵ ئەمانەشدا کراوە بە سەرچاوەی دزینی بەشێکی گەورەی نەوتی عێراق لە ڕێی بۆڕیەکی گەورەی قاچاغەوە بە تیرەی نزیکەی یەک مەتر.

پێدەچێت جورف ئەلسەخەر چیتر تەنها سندوقێکی داخراو نەمێنێتەوە بەڵکو ببێتە ئەو چەخماخەیەی کە خەرمانی تەواوی شیعە و ئەم سیستەمە دەسەڵاتدارە و حوکمڕانیەکی ٢٥ ساڵە دەسوتێنێت

ئێستا، کاتژمێری سفری ئەمجارە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی جورف ئەلسەخەر بە جۆرێکە کە حکومەتەکەی بەغدا لە بەردەم گەورەترین و سەختترین تاقیکردنەوەی مێژویی خۆیدایە بۆ سەروەری و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆکردنەوەی چەک، هەرچەندە وا دیارە زەیدی لە بەردەم ئەم پێگەیەدا توشی شەللەیەکی قوڵ بێتەوه نەتوانێت هیچ هەنگاوێکی کردەیی بنێت.

شه‌وی ڕابردوو.. كۆبوونه‌وه‌ بێ ئه‌نجامه‌كه‌ی شیعه‌كان بۆ له‌سه‌ر جورف سه‌خر

 

بۆیە کاتژمێرەکانی داهاتوو پێمان دەڵێن کە ئایا لە ڕاستیدا حکومەت هەنگاوی کردەیی ناوە، یاخود ئەوەی هەیە تەنها سیناریۆیەکی پوچ و سینەمایی دەبێت کە خۆی لە دەستبەسەرداگرتنی چەند خاڵێکی لاوەکی و گەڕاندنەوەی ڕووکەشی چەند خێزانێکی کەم و بڵاوەپێکردنی سنورداری هێزە ئەمنییەکان لە گۆشەیەکی بچوکدا دەبینێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی بە فێڵێکی ڕاگەیاندن سەرکەوتنێکی وەهمی بەسەر رای گشتیدا ببەخشێت؛ لە کاتێکدا قفڵی ئاسنینی ئەم مەتەڵە گەورەیە و کلیلی نهێنییەکانی جورف ئەلسەخر هێشتا و بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و لە ژێر ڕکێفی بڕیار بەدەستە باڵاکانی دەرەوەدا بە پارێزراوی بمێننەوە.
بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازە، عێراق لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشەکشە و داڕوخانی هێز و هەژمونی ئێران لە پایتەختە عەرەبییەکان و لاوازبوونی لە ناوخۆی خۆیدا، پێدەچێت لە داهاتویەکی نزیکدا جورف ئەلسەخەر چیتر تەنها سندوقێکی داخراو نەمێنێتەوە بەڵکو ببێتە ئەو چەخماخەیەی کە خەرمانی تەواوی شیعە ئەم سیستەمە دەسەڵاتدارە و حوکمڕانیەکی ٢٥ ساڵە دەسوتێنێت.

سه‌رچاوه‌ (New Middle East ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ)


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ