ئێران و ئیسرائیل لە سەردەمی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی (١٩٤١-١٩٧٩)، پەیوەندییەکی دۆستایەتیان هەبوو، لەوانە هاوکاری لە کەرتی نەوت و سەربازی و ڕاهێنانی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری دەوڵەت (ساواك).
هەرچەندە ئەم پەیوەندیانە بە تەواوی گشتی نەبوون، بەڵام بوونی ئیسرائیل لە ئێران چالاک و کاریگەر بوو.
ئیسرائیل لە تاران.. دۆستایەتیەك پێش دوژمنایەتی
لە سەردەمی شادا، ئێران یەکێک بوو لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. بەرژەوەندی ئەمنی و نەوت و هەواڵگری هاوبەشیان هەبوو، مامەڵەی چەک و تەکنەلۆجیا بە ئازادی لە نێوانیاندا دەکرا، ئیسڕائیلیەکان لە ئێران لە ڕووی ئەمنییەوە ژیانیان پارێزراو بوو، لە ئاستێکی بەرزی خۆشگوزەرانیدا دەژیان .
ئیسرائیل ئێرانی وەک هاوبەشێکی بەرژەوەندیدار هەڵبژارد بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرزبوونەوەی شەپۆلی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ئیسلامی سوننە، ئێرانیش لە بەرامبەردا ئیسرائیلی وەک درێژکراوەی ڕۆژئاوا دەبینی، پێگەی خۆی لە شەڕی سارددا بەهێزتر کرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی جوگرافیای لە یەکێتی سۆڤیەت.
به ڵام ئه م هاوپەیمانێتییه به قووڵی لە ناو گەلی ئێران دا ڕەگی دانەکوتی بوو، تەنیا پەیوەست بوو بە ڕژێمی شا. کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، هاوپەیمانی نهێنی گۆڕا بۆ دوژمنایەتی ئاشکرا، ئیسرائیل هاوپەیمانێکی دوور نەبوو بەڵکو دوژمنێکی سەرسەخت بوو.
گەڕانەوەی خومەینی.. سەرەتای لێکترازان و لە دایکبوونی دوژمنایەتی
ئایەتوڵڵا خومەینی لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٧٩ لە پاریسەوە گەڕایەوە تاران، بوو بە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی کە دەسەڵاتی شای ڕووخاند. خومەینی هەر لە یەکەم ساتەو، پچڕانی تەواوەتی لەگەڵ نەزمی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و ئیسرائیل و ئەمریکای بە هێمای لووتبەرزی جیهانی وێنا کرد.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل داخرا، شوێنەکەی ڕادەستی نوێنەرایەتی فەلەستین کرا، کە ڕاگەیاندنی ڕوونی هاوتەریبی لەگەڵ میحوەرێکی نوێ بوو. لەو ڕۆژەوە قۆناغێک لە دوژمنایەتی ئایدیۆلۆژی و سیاسی دەستی پێکرد، کە ئەمڕۆ وەرگێڕدراوە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ، ئەمەش ڕێڕەوێکی پەرەسەندنی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن داڕشتووە، کە لەلایەن هەردوو لایەنەوە بەرجەستە دەکرێت.
یادەوەری چەقۆی ئەمریکی لە پشتەوە
هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل بەشێکی پەیوەستە بە مێژووی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٣، کاتێک دەزگای هەواڵگری ئەمریکا حکومەتی هەڵبژێردراوی محەممەد موسەدق-ی ڕووخاند، دوای ئەوەی نەوتی ئێرانی بە نیشتمانی کرد کە لەلایەن بەریتانیاوە قۆرخ کرابوو.
لە دوای شۆڕشی ئیسلامی، ڕژێمی نوێ ئەم یادەوەرییەی وەک بەشێک لە گوتاری سیاسی خۆی وەرگرت، لووتبەرزیی ئەمریکای بە پاڵپشتی ئیسرائیلەوە گرێدا، ئەم دوژمنایەتییە بەرامبەر ئیسرائیل بووە درێژکراوەی ناکۆکیەکان و پجڕانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن.
هەروەها ئێران داگیرکاریی ئیسرائیلی بۆ سەر فەلەستین بە دەربڕینی هەمان ئەو سیستەمە زانی کە موسەدقی ڕووخاند و شا پاڵپشتی کرد، پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین بوو بە پرەنسیپی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، لە چوارچێوەی دیدگایەکی بەرفراوانتر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پێگەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا.
چەند ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی کودەتای ئیسلامی لە ئێران، یاسر عەرەفات، سەرۆکی کۆچکردووی فەلەستین وەک میوانی فەرمی گەیشتە تاران، شێوازی پێشوازی لێکردنەکەی هاوشێوەی سەرۆکی وڵات بوو نەك سەرۆکی ڕێکخراوێك، ئەمەش ڕاگەیاندنێکی سیاسی ڕوون بوو کە فەلەستین دەبێتە پێشینە بۆ ڕژێمی نوێ، بە پێچەوانەی پچڕانێکی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل داخرا، باڵیۆزخانەی فەلەستینیش لە شوێنی ئەو باڵیۆزخانەیە کرایەوە، ئەم هەنگاوە گوزارشتی لە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێگەی ناوچەیی ئێراندا کرد، پشتیوانی لە فەلەستین بوو بە بەشێک لە پرەنسیپی سیاسی و ناونیشانێکی دیاری وتارەکانی بوو دژ بە ئیسرائیل.
هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل بەشێکی پەیوەستە بە مێژووی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٣

لەو ڕۆژەوە ئێران پرەنسیپی "دوژمنی دوژمنم دۆستی منە"ی گرتەبەر و هاوپەیمانی لەگەڵ مقاوەمەی فەلەستین بوو بە درێژکراوەی خەباتی دژ بە ئیسرائیل. وردە وردە دوژمنایەتی ئیتر بابەتێکی سیاسی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو ململانێیەکی درێژخایەن بوو کە لەلایەن نەگۆڕەکانەوە بەڕێوەدەبرا کە بەهۆی گۆڕانکارییە ناوچەیی یان نێودەوڵەتییەکانەوە وەک خۆیان ماونەتەوە.
قەیرانی بارمتەکان و لەشکرکێشی بەیروت.. چەسپاندنی دوژمنایەتی
لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩، خوێندکارانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و ٥٢ کارمەندیان بە بارمتە گرت لە تۆڵەی میوانداریکردنی ئەمریکا بۆ شا، خومەینی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، قەیرانەکە زیاتر لە ٤٠٠ ڕۆژی خایاند و پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەی کرد بە پەیوەندیەکی دوژمنایەتی راستەوخۆ ،ئەمەش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاریگەری لەسەر ئیسرائیل دروست کرد.
دوای سێ ساڵ و لە ساڵی ١٩٨٢ ئیسرائیل بۆ دەرکردنی مقاوەمەی فەلەستین و تیرۆرکردنی یاسر عەرەفات، هێرشی کردە سەر بەیروت. ئەمەش شۆکێک بوو بۆ ئێران و لە هزری ئێراندا تێڕوانینێکی بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ڕۆژئاوا لە دژی پرسەکانی جیهانی عەرەبی چەسپاند.

لەو کاتەدا ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ەوە سەرقاڵی شەڕێکی توند بوو لەگەڵ عێراق، توانای کردنەوەی بەرەیەکی سەربازیی لە دژی ئیسرائیل نەبوو. هەر بۆیە خومەینی دروشمە بەناوبانگەکەی داڕشت "رێگای قودس بە کەربەلادا تێدەپەڕێت"، پەیوەندییەکی ڕەمزی نێوان ڕژێمی بەعس و زایۆنیستی، هەردووکیان بە دوژمنی هاوبەش دادەنران کە دەبێت وردە وردە ڕووبەڕووی ببنەوە.
حیزبوڵڵا.. باڵی ئێرانی لە لوبنان
دوای لەشکرکێشی بۆ سەر بەیروت، ئێران پشتیوانی لە سەرهەڵدانی بەرخۆدانی شیعەی لوبنان کرد لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبوڵڵا بوو بە هێزی باڵادەست لە باشووری لوبنان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدگای ئێران بوو بۆ فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆ بکات.
حیزبوڵڵا لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانی و پلاندانانەوە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دروست کرد، لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پەیوەندی بە ڕێبەری باڵای ئێرانەوە کرد، بەڵام ئێران مەودایەکی پاراست، ڕێگەی بەو حیزبە دا ببێتە کارەکتەرێکی لوبنانی وپشتیوانی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەدەستبێنێت.
میحوەری سێ قۆڵی... هاوکێشەیەک کە پلانەکانی ئیسرائیل تێکدەدات
ئێران ڕاستەوخۆ وەڵامی لەشکرکێشی بەیروتی نەدایەوە، بەڵام هەنگاوی ناوە بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی ناوچەیی هاوپەیمانان کە دوژمنایەتی هاوبەشیان بەرامبەر ئیسرائیل هەبوو، لە ناوەڕۆکی ئەم تۆڕەدا هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ ڕژێمی حافز ئەسەد لە سوریا سەریهەڵدا، بەرزاییەکانی جۆلان بووە قوڵایی ستراتیژی و هێڵی پێشەوەی بەرژەوەندیەکان، ئێران و سوریا و حیزبوڵڵا میحوەرێکی سێ قۆڵییان پێکهێنا و دۆڵی بیقاعی لوبنانیان کردە بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، جموجۆڵە وریاکانی ئەو وڵاتە بوونە هەڕەشەیەکی پەرەسەندوو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، ئەمەش پڕۆژەی سەپاندنی ڕژێمێکی لایەنگری ئیسرائیلی لەو وڵاتەدا تێکدا.
میحوەری مقاوەمە.. سەرەتای شەڕێکی فرە بەرەیی
لە ساڵی ١٩٩١، ئێران ئامادەنەبوونی خۆی لە کۆنفرانسی ئاشتی مەدرید قۆستەوە، بانگەشەی کۆنفرانسێکی هاوتەریبی لە تاران کرد، هێزەکانی مقاوەمەی فەلەستین و عەرەبی دژە ئیسرائیل و ئەمریکا لە نێویاندا حەماس و جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵای کۆکردەوە. ئەم کۆنفرانسە سەرەتای زیادبوونی هەماهەنگی نێوان بەرەی مقاوەمە و و میحوەری ئێران بوو، کە پشتیوانی لە خەباتی چەکداری وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردن و ماندووکردنی ئیسرائیل و دوورکەوتنەوە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ کرد.
دوابەدوای ئەو کۆنفرانسە، ساڵانی نەوەدەکان شایەتی شەپۆلێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا بەخۆیەوە بینی، لەوانە تیرۆرکردنی عەباس موسەوی ئەمینداری گشتی لە ساڵی ١٩٩، و ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان، ئەم ئۆپەراسیۆنانە توانای میحوەرەکەیان نیشان دا بۆ ئەوەی خۆی وەک هێزێکی ناوچەیی کاریگەر جێگیر بکات.
ئەمەش سەرەتای چەسپاندنی "میحوەری مقاوەمە" و دامەزراندنی ڕۆڵی ئێران وەک یاریزانێکی سەرەکی لە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، لە ڕێگەی بریکار و لایەنەکانییەوە بوو.
پەرەسەندنی سزاکان و بەرنامەی ئەتۆمی
لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکان، فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران توندتر بوون، هەڵمەتە چڕەکانی سزادان بە ئامانجی ئابووری و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستی پێکرد ،چەندین جار تۆمەتبارکردن بەوەی کە ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەدات.
ئێران بە سەرکردایەتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، جەختی لە ئامانجە ئاشتیخوازەکانی خۆی کردەوە، ڕەتیکردەوە دەستبەرداری بەرنامەکەی بێت، بەڵام بەردهوامی پاڵپشتی له هێزەکانی وه ک حه ماس و حیزبوڵڵا، گرژییه کانی زیاتر کرد، به تایبه ت له گه ڵ ئیسرائیل کە وەك هەڕەشەیەکی جدی لەسەر خاکەکەی لێیان دەڕوانێت.
سەرەڕای هەوڵەکانی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، وەک ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل، ئێران ڕێگەچارەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ناوەندی لە دۆزی فەلەستین ڕەتکردەوە، بەردەوام بوو لە پشتیوانی خەباتی چەکداری و ململانێکانی بەرەو قۆناغی چەقبەستوویی و پەرەسەندنی یەکتر برد. 
بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە گۆڕینی بیروڕای ترهمپ دژی ڕێکەوتنه ئهتۆمییهكهی ئۆباما لهگهڵ ئێران

ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئۆباما.. هیوایەك بۆ لێكنزیكبوونەوە
لە سەردەمی باراک ئۆباما چلوچوارهەمین، سەرۆکی ئەمریکا، جیهان شایەتی گۆڕانکاری پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بوو، بە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥، کە ڕێگەی بە کەمکردنەوەی سزاکان دا لە بەرامبەر کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. بەڵام ئیسرائیل بەتوندی دژایەتی ئەو ڕێککەوتنەی کرد، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی تەماشای کرد و هەوڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی ڕەتکردەوە. بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە گۆڕینی بیروڕای ئەمریکا دژی ڕێککەوتنەکە.
ڕێککەوتنەکە تەنها ساتێکی ناوبڕ بوو، کە تێیدا ئێران هەوڵیدا خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستمی نێودەوڵەتیدا، بەڵام ترسی ئیسرائیل و ئەمریکا لەوەی کە توانای سەربازیی ئەتۆمی پەرەپێبدات، گرژییەکانی بە بەرزی هێشتەوە.
سەردەمی ترەمپ و پەرەسەندنی ڕوبەڕوبوونەوە
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ سەرۆکایەتی ئەمریکای بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی هەڵوەشاندەوە و توندترین سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییەکان.
كوشتنى قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسداران لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ وەرچەرخانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئێران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، تۆڵەی کردەوە و ململانێکانی ناوچەکەی زیاتر پەرەسەند.
ئەم قۆناغە شایەتی پێکدادان و شەڕی بە وەکالەتی زۆر بەخۆیەوە بینی و ئێران بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی بەرەی مقاوەمە، ئیسرائیل هەوڵیدا دۆخەکە بقۆزێتەوە، بۆ لێدانی ناوەندەکانی پێگەی ئێران لە سوریا و عێراق.
تۆفانی ئەقسا ٢٠٢٣.. خاڵێکی نوێ لە ململانێ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەرخۆدانی فەلەستین "تۆفانی ئەقسا"ی دەستپێکرد، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانی ململانێکان بوو، ئیسرائیل بە هێرشێکی سەربازی بەرفراوان وەڵامی دایەوە، شەڕی لەناوبردنی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و میحوەری مقاوەمەی ناوچەکەی کردە ئامانج.
ئەم پێشهاتانە لاپەڕەیەکی نوێی لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کردەوە، کە پەرەسەندنی خێرای هەڵچونی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو. ئێران وەک ناوەندێکی سەرەکی پشتیوانی بەرەی مقاوەمە دەرکەوت، لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵی بەهێزکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانی دەدا.
لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شەڕێکی بێ وێنە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵدا، لە نێوان داینامیکی سیاسی و سەربازی ئاڵۆزدا و پرسیاری لەسەر ئەگەری بەردەوامبوونی "جەنگی درێژخایەن" دروستکرد کە لە ساڵی ١٩٧٩ دەستیپێکرد، ماوەی ١٢ رۆژی خایاند، دواتر بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کۆتایی بە شەڕەکە هێنرا.
جارێکی تر و لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، شەڕ دەستی پێکردەوە، لە ئەنجامدا خامنەیی و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی ئێران کوژران، شەڕەکە ماوەی ٤٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، ئێران گەروی هورمزی داخست، تا ئێستا ناکۆکیەکانی هەردوو وڵات لەسەر کردنەوەی گەروەکە، بەردەوامی هەیە.