ئه‌و 600ساڵ لەمەوبەر خوێنه‌وار و شاعیر بووه. نه‌رگزخانمی
شارەزووری لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە.
نێرگس، گوڵێکی شۆخۆشەنگی بەهارییە، فرە ناسک و نازەنینە، کوردستان
زێدی ئەم گوڵەیە. نێرگس ئەگەرچی عومری کورتە، بەڵام هەزار ئەوەنەی عومەرەکەی
خۆشەویست و لە دڵا شیرینە، نێرگس و بۆنە سیحراوییەکەی بوونەتە ڕەمز بۆ ئەوینێکی
پـاک و تەڕ و ناسک، هەر کەس نێرگسی درایە، ئەوە بۆتە ژێر لافاوی سۆزی
نێرگسبەخشەکەوە، ئەوەتا خودا لە خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ، نێرگسی بە مرۆڤ بەخشیوە، ئاخۆ
ئێمە شایانی ئەو سۆز و خۆشەویستییە زۆرەی خوداین؟!
کورد، هەندێ جار پیتێک یان زیاتری وشە یان ناوێک ئەگۆڕێت بە پیتێکی
تر و فۆنەتیکی وشە و ناوەکە گۆڕانی بەسەردا دێت بەم گۆڕانکارییە ئەوترێ
"ئیبدال" وەک ناوەکانی (حەسەن←هەسەن، عەلی← ئەلی، جەعفەر←جافر...هتد)
بەو جۆرەش نێرگس گۆڕاوە بۆ (نێرگز←نەرگس←نەرگز).
لە کوردەواریا نێرگسیش وەک هەر گوڵێکی تر بۆتە نــــــاو بۆ کــــچ.
ئەچینەوە بۆ لای نێرگزخانم:
ناوی (نێرگس یان نه‌رگزخانم کچی مەلا شوکروڵای شارەزووری)یە. به
پێی كتێبی پیرۆزی (سه‌رئه‌نجام) نه‌رگزخانم له ساڵی (713ی كۆچی) له شاره‌زوور له
دایكبووه‌و له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌شتی كۆچی له (گوندی شێخان)ی ڕۆژهه‌ڵاتی
كوردستان كۆچی دوایی كردووه و هه‌ر له‌وێ به خاك سپێردراوه.
باوكی نه‌رگزخانم، مه‌لا و زانایه‌كی به‌ناوبانگ و، شاعیرێكی سه‌رده‌می
خۆی بووه. له مناڵییه‌وه نه‌رگز-ی فێری خوێندن و زانستی ئیسلامی كردووه، كچه‌كه
زیره‌ك بووه! هه‌ر زوو زانسته‌كانی وه‌رگرتووه. له ناو خه‌ڵكدا ناوبانگی ده‌ركرووه
و، فره‌شی نه‌خایاندووه ده‌ستی كردووه به نوسینی شـــیعـر.
عابیدینی جاف، كه له خیزانێكی كاكه‌یی بووە به منداڵی لای
باوكی نه‌رگزخانم قوتابی بووە و تەرکی ئاینی کاکەیی کردووە، ناوبراو كه‌وتۆتە
داوی عه‌شقی نه‌رگزخانەوە، لە هەندێ سەرچاوەدا هاتووە کە ئەو دووانە بوون بە
هاوسەری یەکتر. عابیدینی جاف-یش هەر لە شارەزوور لە دایکبووە، دواتر بووە بە یەکێک
لە مه‌لا دیاره‌كانی شاره‌زوور و ناوچەکە، گوایە دژایەتی کاکەییەکانی کردووە،
پاشان لە ژێر کاریگەری سان سه‌هاك-ی بەرزنجی دا چۆتەوە سەر باوەڕی کاکەیی.
(سان سەهاک=سوڵتان ئیسحاق)ی بەرزنجی کوڕی شێخ
عیسای بەرزنجەیە و لە سەدەی هەشتی کۆچیدا ژیاوە، بە نوێکەرەوە و گەورەڕابەری ئاینی
(یاری=یارسان=کاکەیی) دادەنرێ.
عابیدینی جاف بە هۆی شاره‌زاییه زۆره‌كه‌ی له ئـاین و فه‌لسه‌فه‌دا،
بووه به كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ئاینی(یارسان=کاکەیی)و، بووە بە یارێکی نزیکی
سان سەهاکی بەرزنجی. عابیدینی جاف شاعیرێکی بەتوانا بووه‌و نزیكه‌ی سێ هه‌زار دێڕه‌شیعری
کە بە زاراوەی سۆرانی و شێوه‌ئاخاوتنی جافی دایڕشتووه، له كتێبی (سه‌رئه‌نجام)دا
نووسراون. (سەرئەنجام: كتێبی پیرۆزی كاكه‌ییه‌كانه!)
باس هەر باسی نەرگزخانمە!
نەرگزخانمیش بۆتە کاکەیی و چەندین شیعری لە وەسفی کاکەیی و پیر و
ڕابەرەکانیاندا هۆنیوەتەوە. ئەم شیعرانەی نەرگزخانم لە (دەورەی عابیدین)ی کتێبی
سەرئەنجامدا نووسراون. کتێبی سەرئەنجام دابەشکراوە بەسەر چەند دەورەیەکدا یەکێک لە
دەورەکانی پێی ئەوترێ(دەورەی عابیدین).
نەرگزخانم هەر خوێنەوار و شاعیر نەبووە، لە هەمان کاتدا تەنبوورە ژەنیش بووە كه ئامێرێکی مۆسیقایی سوننەتییە و یارسانەکان لەگەڵ سروتە ئاینییەکانیاندا ئەیژەنن
نەرگزخانم و داهـێنان:
خــــانــم، لە شیعردا داهێنانی کردووە، چۆن!
ــ شیعرییەکانی یارسان کە سامانێکی گەورەی ئەدبیات و بە تایبەت
شیعری کورد پێکدێنن، زۆرێک لەوانەی کە مێژووی ئەدەبی کوردیان نووسیوەتەوە، شیعری
یارسانی بە سەرەتای نووسینەوەی شیعر و ئەدەبی کوردی دائەنێن. بەشی هەرەزۆری ئەم
تێکستە شیعریانەی یارسان بە شێوەزاری(ماچۆی گۆران=هەورامی) نووسراون. بەڵام
نەرگزخانم هات و شیعرەکانی بە شێوازی سۆرانی نووسی.
خــانــم، لە ڕووی کێشی شیعریشەوە داهێنانی کردووە ئەویش داڕشتنی
شیعرەکانیەتی لە سەر کێشی خۆماڵی هەشت بڕگەیی(٤+٤)، ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە
پێشـتر شاعیره‌كانی یارسان شیعره‌كانیان له سه‌ر كێشی دە بڕگەیی باو (٥+٥)
دادەڕشـت. ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كه له‌و شێوازه نوێیه‌ی نەرگزخـانم:
"بـــادەم یـارە و جــامـم یارە
شــادیم یارە و كــامـم یارە
بــیـرم یـارە و هـۆشــم یـارە
هۆچی چی هەر نۆشم یارە"
ئەو دوو دێڕەی سەرەوە دابەش ئەکەین بەسەر بڕگەکاندا و ئەبینین هەر
نیوەدێڕیک لە هەشت بڕگە پێکهاتووە، بەم شێوەی خوارەوە:
بـا1|دەم2|یـا3|رە و4|جــا5|مـم6|یا7|رە8
شــا1|دیم2|یا3|رە و4|كــا5|م‌م6| یا7|رە8
بــیــ 1|رم2|یا3|رە و4|هۆ5|شـم6|یـا7|رە8
هۆ1|چی2|چی3|هەر4|نۆ5|شم6|یـا7|رە8.
نموونەیەکی تر لە شیعرەکانی نەرگزخانم:
"بـنــیـامن لــه جــه‌م بــاده ده‌دا
ســاقی به صه‌ف ساده ده‌دا
ده‌رسـی ڕێــگـــه‌ی جــــــاده‌دا
مـێردان له به‌د ده‌كه‌ن حاشا
ده‌وریان داوه له ده‌وری شــا
پێمـان ده‌كه‌ن گـشـت ته‌ماشا
قه‌ومێ، به من نه‌یبێ بـاوه‌ڕ
نه‌یه‌ت بۆ جـه‌م یـاری یاوه‌ر
لای من وه‌كی تۆكی ســاوه‌ر
هه‌ر كه، له‌م دین یه‌قین نه‌كــا
به دڵ، لـه جــه‌م ئــامـیـن نه‌كــا
خــودام ئه‌وه بــــاد دیـن نه‌كـا
هه‌ر كه، بۆ یار خۆی نه‌كوژێ
كه‌رده‌ی لـه جه‌م یـــار نه‌ڕژێ
بـنــیـام ڕجــــای بـۆ نـــاوێـژی
هه‌ر كه، نه‌گرێ قه‌ولی دروست
بێ دین ئـه‌وه. وه‌ك بـتــپه‌رست
مەحروم ده‌بێ ئه‌و له جه‌م شت
هه‌ر كه، شـــكـی بـبـێ به دڵ
بــاوه‌ڕ نه‌كـا به شــــــای عادڵ
كه‌رده‌ی نه‌قـدی ده‌بێ بـاتـڵ
هه‌ر كه، له جه‌م نه‌گرێ ئه‌ركان
به ڕاست نه‌گرێ دینی سـوڵــتان
ئــــاخـر ده‌بـێ ئـه‌و پـه‌شـــیــمــان
هه‌ر كه، به یـــار بـدا ئـازار
كرده‌ی ناچێ بۆ ناو تۆمار
هه‌رگیز له خاو نابێ بێ‌دار"
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
نووسینی : (کـەمــال ئەحـمەد)
وێنه‌كه : پۆترێتى خه‌ياڵىى نه‌رگزخانمى
شاره‌زوورى ـه، (دكتۆر خه‌سره‌و جاف) كێشاويه‌تى.