مامۆستای زانكۆ
دكتۆرا له مێژووی هاوچه‌رخ
پسپۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد ـ توركیا
و: د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
ئاگربەستی مۆدرۆس و چارەنوسی دەوڵەتی عوسمانی
به‌كۆتاییهاتنی ئاگربه‌ستی مۆدرۆس، كه له‌رۆژی (30ی تشرینی یه‌كه‌می 1918) ئیمزا كرا رۆڵی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌مكرایه‌وه‌و، ئه‌و ویلایهتانهشی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوون لێی جیابوونه‌وه‌و، بهكهنارخراویو ژێرده‌سته‌ی هاوپه‌یمانان مانه‌وه پاش كه‌مكردنه‌وه‌ی رووبه‌ڕه‌كه‌ی، ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌شی كه‌مبۆوه. توركه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا كه‌مال ده‌ستیان كرد به‌جه‌نگی رزگاركردنی خاكی توركیا‌و، تێكۆشانیان دژی داگیركاری بیانی بووه هۆی ده‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تی نوێی توركیا‌و راگه‌یاندنی كۆماریی له‌رۆژی (29ی تشرینی یه‌كه‌می 1923). هه‌روه‌ها مسته‌فا كه‌مال وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی كۆماری توركیا فه‌رمانڕه‌وایی گرته ده‌ست.
هه‌روه‌ك هه‌ستا به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ساڵی 1924، ئه‌وه‌ش كۆتایی په‌یوه‌ندی نیشتیمانی عه‌ره‌بی بهگشتیو فه‌له‌ستین به‌تایبه‌ت بوو به‌توركیاوه.
مسته‌فا كه‌مال هه‌ستا به‌له‌ناوبردنی سه‌رجه‌م دیارده ئیسلامییه‌كان لهتوركیاو جاڕدانی عهلمانیهتو، توركیای له‌ده‌وروبه‌ره ئیسلامییه‌كه‌ی دوورخسته‌وه.
توركیا روویكرده رۆژئاوا‌و بانگه‌وازی بۆ پرنسیپی عه‌لمانیه‌ت كرد (جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له‌ده‌وڵه‌ت) هه‌روه‌ك هه‌مان دۆخ له‌ده‌وڵه‌تانی عهلمانیتردا هه‌بوو، مسته‌فا كه‌مال كاری له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی ئاینی ئیسلام به‌هه‌موو رێگه‌یه‌ك كرد. هه‌روه‌ها سیسته‌می توركیا وازی لهناسنامه ئیسلامیه‌كه‌ی هێناو هه‌وڵی بۆ دروستكردنی ناسنامه رۆژئاواییه جێگره‌وه‌كه‌ی دا، توركیای والێكرد به‌هه‌میشه‌یی هه‌ست به‌نامۆیی بكات له‌ده‌وروبه‌ره ههرێمیهكهیو له‌درێژبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی میللییه‌كه‌ی.
ئایا مستەفا کەمال جولەکە بووە؟
یه‌كێك له‌نوسه‌ره رۆژئاواییه‌كان جه‌ختی كردۆته‌وه، كه مسته‌فا كه‌مال لهجولهكهی دۆنمه بووه، ئیتر ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه راست بێ یا راست نه‌بێ، مسته‌فا كه‌مال له‌وانه بووه چۆته ریزی مه‌حافلی ماسۆنییه‌وه، هه‌روه‌ك چۆته ریزی جوڵانه‌وه‌ی ئیتیحاد‌و تهرهقیشهوه، كه‌جوله‌كه كه‌شوهه‌وای كاركردنی نهێنی له‌شاری ساڵۆنیك بۆ ده‌سته‌به‌ركرد، ئه‌وه‌ی جێی دڵنیاییه ئه‌وه‌یه مسته‌فا كه‌مال له‌دایكبووی شاری سالۆنیكی ناوه‌ندی به‌ناوبانگی جوله‌كه‌یه‌و (عیسمه‌ت ئینونو-Ismetlnonu)، یه‌كێك له‌دیارترین هاوكارانی بووه له‌گه‌ڵیدا له‌جێبه‌جێكردنی گۆڕانكارییه رادیكاڵییه ئامانجداره‌كان بۆ بڕینی توركیا لهرهگو ریشه عهرهبیو ئیسلامییه‌كه‌وه، كه‌دواتریش بووه سه‌رۆك كۆماری توركیا‌و یه‌كێك بوو له‌ئه‌ندامانی ماسۆنییه‌ت.
مه‌حافلی ماسۆنی چالاك بوو رۆڵێكی گرنگی گێڕا له‌سه‌رده‌می كۆمارییدا، به‌جۆرێ توانی دزه بكاته نێو سه‌رجه‌م فه‌رمانگه فهرمییهكانییهوهو، به‌شێوه‌یه‌ك جوڵانه‌وه‌ی زایۆنیزم ده‌سكه‌وتی له‌سه‌ر ئاستی دارایی‌و نفوز به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی عه‌لمانیه‌تی ده‌وڵه‌ت بووه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كان، بۆیه له‌ساڵی 1926 بڕیاری ده‌ركردنی جوله‌كه له‌كه‌رتی گواسته‌وه‌و گه‌یاندن دراو، هه‌زاره‌ها جوله‌كه به‌هێز له‌ناوچه‌ی ده‌رده‌نیل ساڵی 1934 ده‌ركران.
ئه‌تاتورك سیاسه‌تێكی نێوخۆی كه‌نارگیریی گرته‌به‌ر بۆ بونیاتنانی توركیا له‌سه‌ر بنه‌ما توركیه عه‌لمانییه نوێیهكانو، بڕینی هه‌ر رایه‌ڵه‌یه‌كی توركیا بهفهلهستینهوه به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره.
حكومه‌تی كه‌مالیزم ساڵی 1935 فه‌رمانی ده‌ركرد به‌داخستنی مهحافله ماسۆنییه‌كان له‌سه‌راسه‌ری توركیا، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وو پرۆگرامی پارتی فه‌رمانڕه‌وا (پارتی گه‌لی كۆماریی) په‌یوه‌ست به‌جێبه‌جێكردنی عه‌لمانیه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئه‌و فه‌رمانه له‌سه‌ر مهحافله ماسۆنییه‌كان جێبه‌جێكراو، به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كان موڵك‌و ماڵیان گۆڕان بۆ موڵكی گه‌ل، كه له‌وكاته‌دا یه‌كێ له‌رووه میللییه‌كانی پارتی فه‌رمانڕه‌وا بوو له‌وڵاتدا.
له‌به‌رئه‌وه ماوه‌ی مسته‌فا كه‌مال، ساردییه‌كی له‌پێگه‌ی خۆی به‌خۆوه بینی له‌په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌كانی فه‌له‌ستین، كه به‌ره‌و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌چوو، توركیاش بۆچوونێكی راشكاوانه‌ی نه‌بوو له‌ئاست شه‌ڕه‌قۆچی عه‌ره‌ب- ئیسرائیل، كه‌توندوتیژی تاده‌هات زیاتر ده‌بوو به‌هۆی زیادبوونی زاڵبوونی جوله‌كه به‌سه‌ر فه‌له‌ستین، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ راگه‌یاندنی بێلایه‌نی توركیا‌و تێچێن نه‌كردن له‌كێشه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه.
جولەکە دوای مردنی مستەفا کەمال
له‌گه‌ڵ مردنی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، عیسمه‌ت ئینونو سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیای له‌تشرینی دووه‌می 1938 گرتهدهستو، له‌ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا توركیا روه‌و رۆژئاوا ئاراسته‌ی گرت‌و، سه‌رده‌مه‌كه‌ی به‌دژایه‌تیكردنی عهرهبو داڕمانی په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌ب- توركیا جیاده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ده‌ره‌كی پشت ئه‌ستوور بوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك داینابوو، ئه‌و سیاسه‌ته‌ش كارئاسانیكرد لهزهمینهخۆشكردن بۆ چالاكی زایۆنی له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی توركیا‌و به‌هێزبوونی پلانه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ههرێمیو نێوده‌وڵه‌تی.
جوله‌كه درێژه‌یان به‌چالاكی خۆیان له‌گۆڕه‌پانی بازرگانی دا جگه له‌چالاكی سیاسیان، بۆیه‌شه له‌په‌رله‌مانی توركیا ئه‌ندامیان هه‌بوو به‌و پێیه‌ی پارلهمانتارن تیایدا، ئه‌وه‌ش له‌سه‌رده‌می مسته‌فا كه‌مال‌و عیسمه‌ت ئینونودا بوو، هه‌تا ئه‌و جوله‌كانه‌ی، كه هاوسه‌رده‌میان بوون به‌ڵگه بوو له‌سه‌ر نفوزی جوله‌كه له‌نێوخۆی په‌رله‌مانی توركیا‌و هه‌ژمونیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی توركیا.
پارله‌مانتارانی جوله‌كه له‌په‌رله‌مانی توركیا پێگه‌ی بهدیمهنیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ رۆڵی سیاسیان له‌ده‌وڵه‌تدا، به‌شداری توركیا بهپێشانگایهك، كه له‌شاری ته‌لئه‌بیب له‌نیسانی 1939 كرایه‌وه جێگه‌ی تێبینیكردن بوو، به‌جۆرێ بازرگانانی تورك‌و جوله‌كه كهلوپهلو كاڵا‌و به‌رهه‌مه پیشهسازییهكانیان نمایش كرد.
له‌ساڵی 1941 هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ستان به‌هه‌ڵمه‌تێكی نیشته‌جێكردنی جوله‌كه كۆچه‌ره‌كانی ئه‌وروپا له فه‌له‌ستین، به‌ڵام توركیا ناڕه‌زایی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته راگه‌یاند بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ورورژانی عه‌ره‌ب له دژی.
هاوكات عه‌ره‌ب به‌چاوی ناڕازییه‌وه سه‌یری سیاسه‌تی توركیایان به‌رامبه‌ر فه‌له‌ستین ده‌كرد، باڵوێزی عێراق له‌ساڵی 1944 (ئه‌رشه‌د عومه‌ری)، ناڕه‌زای لای به‌رپرسانی تورك دهربڕیو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی روونكرده‌وه، كه‌به‌هۆی زۆربوونی كۆچی جوله‌كه‌و كارئاسانییهكانهی حكومه‌تی توركیا پێشكه‌شیان ده‌كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌رچاوه ده‌گرن، به‌ڵام حكومه‌تی توركیا له‌كاتی خۆیدا وه‌ڵامیدایه‌وه به‌وه‌ی:"كارێكی مرۆییه‌و ئێوه‌ش بێگومان پاڵنه‌ره مرۆییه‌كان تێده‌گه‌ن، كه پاڵ به‌حكومه‌تی توركیاوه ده‌نێت".
له‌لایه‌كیتره‌وه رۆژنامه‌ی (ئولوس- Ulus) له‌وتارێكدا ده‌رباره‌ی (كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) به‌ژماره (8385) له (2/12/1944) بڵاویكردۆته‌وه، جه‌ختی له‌مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردۆته‌وه، ئه‌ویش بریتیه له‌كێشه‌ی فه‌له‌ستین، رۆژنامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی باسكردووه، كه"ئه‌وه‌ی توندڕه‌وانی عه‌ره‌ب داوای ده‌كه‌ن بریتییه له‌پاكتاوكردنی هه‌موو كێشه‌ی جوله‌كه- ئه‌وه‌ی توندڕه‌وانی زایۆنیش داوای ده‌كه‌ن، بریتیه له‌پاكتاوكردنی عه‌ره‌ب له‌فه‌له‌ستین".
هه‌روه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی داوه به‌راگواستنی جوله‌كه بۆ فه‌له‌ستین له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له‌ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمهریكاو به‌ریتانیاو، پێشنیازی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌شی كردووه، كه‌خۆی ده‌بینێته‌وه له‌ئاڵوگۆڕ پێكردنی دانیشتووان له‌نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی، واته ئاواره‌بوونی هه‌موو عه‌ره‌ب یا به‌شێكی گه‌وره‌یان بۆ فهلهستینو نیشته‌جێكردنیان له‌وڵاتانی ناعهرهبیداو، له‌جیاتی ئه‌وانیش راگواستنی كه‌مینه جوله‌كه‌كان له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ فه‌له‌ستین، گرانی له‌و كاره‌دا بریتییه له"به‌رخۆدانی توند، كه عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گوشاره ده‌یخاته‌ڕوو.." هه‌روه‌ها "ئه‌وه‌ی جوله‌كه هه‌یه‌تی له‌ئامرازی مادی‌و سه‌رمایه‌ی بێ‌شومار، كهشكست دێنێت له‌ده‌ركردنی عه‌ره‌ب لێی".
له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دووه‌می جیهانیو له‌به‌رامبه‌ر بێتوانایی به‌ریتانیا له فه‌له‌ستین له‌مه‌ڕ وه‌فای بۆ فه‌له‌ستینیه‌كان، كهشۆڕشهكهیان له‌كاتی جه‌نگه‌كه‌دا راگرت، به‌ئه‌نقه‌ست ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی به‌شداری پێكرد پێكه‌وه بۆ دانانی لیژنه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ریتانی بۆ كۆڵینه‌وه لهكێشهكهو خستنه‌ڕووی پێشنیازه‌كان له‌و باره‌وه، ئه‌و لیژنه‌یه‌ش نه‌گه‌یشتبووه چاره‌سه‌رێك، كه‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان رازی بكات، ئه‌وه‌ش به‌ریتانیای ناچاركرد كێشه‌كه ره‌وانه‌ی ده‌زگای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات.
به‌وه‌ش كێشه‌ی فه‌له‌ستین له‌چوارچێوه لۆكاڵیهكهی چووه ده‌ره‌وه بۆ چوارچێوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كهزهمینهساز بوو بۆ پشتگیری چاوچنۆكیه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی زایۆنیزم له‌دابه‌شكردنی فهلهستینو دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی زایۆنی، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه، كهجوڵانهوهی زایۆنیزم چاویان له‌سه‌ری بوو، پاش ده‌ركه‌وتنی وه‌ك هێزێكی گه‌وره له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دووه‌می جیهانی.
له ساڵی 1945 ه‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ش توركیا بووه بنه‌كه‌یه‌كی كۆچ به‌ره‌و ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش كه‌شوهه‌وایه‌كی دۆستانه‌ی دروستكرد‌و ئه‌ڵقه‌یه‌كی زنجیره‌به‌ندی له‌نێوان جوله‌كه‌و تورك لهتوركیاو جوله‌كه‌ی به‌بنه‌چه توركی لهئیسرائیلو جوله‌كه‌ی بهبنهچهی توركی له‌ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێكهێنا، كه‌هێزی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش ئاسه‌واری خراپی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا- عه‌ره‌ب جێهێشت.
توركیا ده‌یویست رایگشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆی كه‌مه‌ندكێش بكات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی سهربازیو ئابووری پێشكه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌رووی هه‌ڕه‌شه‌كانی سۆڤییه‌تی نێوان ساڵانی (1945-1946) بوه‌ستێته‌وه، ئه‌وه‌ش دواتر به‌دیهات به‌گوێره‌ی (پرنسیپی ترومان) له‌ساڵی 1947.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌ڵوێستی توركیا به‌لای هه‌ڵوێستی جوله‌كه‌دا لایه‌نگیرییه‌كی بێچه‌ندو چوون بوو، به‌جۆرێ بووه هۆی داڕمانی په‌یوه‌ندییه‌كانی تورك- عه‌ره‌ب، له‌به‌ختی خراپی عه‌ره‌بیش هه‌ردوو هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی توركیا، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمهریكاو به‌ریتانیا بوون، دوو ده‌وڵه‌تی پشتیوانی توند بوون بۆ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جوله‌كه له‌فه‌له‌ستین.
به‌هه‌مان ئاست ئه‌م ئاراسته توندڕه‌وه له‌توركیای كه‌مالیدا یارمه‌تیدا به‌ره‌و رۆژئاوا بۆ لاوازكردنی رۆڵه ئیسلامییه‌كه‌ی بهگشتیو رۆژهه‌ڵاتی ناوینهكهی به‌تایبه‌ت، به‌وه‌ش وایكرد رێگه خۆش بكات له‌به‌رده‌م جوڵانه‌وه‌ی زایۆنیزم بۆ له‌زاڵبوون به‌سه‌ر توانا ئابوورییه‌كانی توركیا، به‌ڵكو له‌سه‌ر بڕیاری سیاسیشی، مه‌سه‌له‌كه‌ش به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا- ئیسرائیل بوو له‌ماوه‌كانی دواتردا.